سینه‌مای کوردی بۆ کوێ؟

سینه‌مای کوردی بۆ کوێ؟

نووسینی: کارزان کاردۆزی

An English version of this article can be found here…

 

له‌ رۆژانی ئه‌مرۆدا سینه‌ما چه‌کێکه‌ که  ‌ووڵات و  نه‌ته‌وه‌کانی جیهان به‌ کاری ده‌هێنن بۆ ناساندنی خۆیان به‌ جیهان، گه‌ ر سه‌یرێكی زاڵی که‌لتوری  ووڵاتێکی وه‌ک ئه‌مریکا بکه‌ین، هۆیه‌کی زاڵبوونی ئه‌و کلتوره‌ به‌ سه‌ر جیهاندا ده‌گه رێته‌وه‌ بۆ بڵاوبوونه‌وه‌ی فیلمه‌کانی هۆڵیوود به‌ ڕێژه‌یه‌کی زۆر به‌ جیهاندا. زیاتر له‌ هه‌موو هونه‌ره‌کانی تر، سینه‌ما ده‌توانێت مرۆڤه‌کان و کلتوره‌کان له‌ یه‌کتر نزیک بکاته‌وه‌. به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌، ئه‌م هونه‌ره‌ تا ئێستا ڕه‌گێکی له‌ کلتور و بناخه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی دا نیه‌، هۆکاره‌کان زۆرن، ده‌توانین هۆکاری جیۆپۆڵیتیکی کوردستان و چه‌وسانه‌وه‌ی گه‌لی کورد و جه‌نگ و هۆکاری ئابووری و جیاوازی  زمان و گه‌لێک هۆکاری تر باس بکه‌ین که‌ خوێنه‌ر پێی ئاشکرایه‌،به‌ڵام با به‌ به‌ کورتی و به‌ پوخته‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ سه‌ر چه‌ند هۆکارێکی تر بکه‌ین که به‌ هه‌مان شێوه‌ کاریگه‌ری له‌ سه‌ر دواکه‌وتنی سینه‌مای کوردی هه‌یه‌‌ .

نه‌بوونی ستۆدیۆی به‌رهه‌مهێنان و ستافی به‌رهه‌مهینانی فیلم: جیاوازی به‌رهه‌مهێنانی فیلم له‌گه‌ڵ هونه‌ره‌کانی تر ئه‌وه‌یه‌ که‌ فیلم پێویستی به‌ پاره‌ و که‌ره‌سته‌ی ته‌کنه‌لۆجی و ستافێکی شاره‌زای زۆره‌ بۆ درووستکردنی. نووسینی نۆڤڵێک، هۆنراوه‌یه‌ک، کێشانی وێنه‌یه‌ک وه‌ یان کۆمپۆسکردنی مۆسیکێک به‌رهه‌مهێنانه‌که‌ی ده‌که‌وێته‌ نێوان هونه‌رمه‌ند و هۆشی، به‌ڵام به‌رهه‌مهێنانی فیلم زیاتر له‌ هه‌وڵی هۆش و بیری هونه‌رمه‌ندی ده‌وێت. له‌ کوردستان دا تا ئێستا  ستۆدیۆیه‌کی به‌رهه‌مهێنان وه‌ یان بازارێک نیه‌ بۆ فرۆشتنی ئه‌و کارانه‌. گه‌ر سه‌یری سیستمی  هۆڵیوودی ئه‌مریکی وه‌ یان بۆڵیوودی هندستان وه‌ ته‌نانه‌ت گه‌ر سه‌یری ووڵاتانی دراوسێمان بکه‌ین وه‌ کوو تورکیا و ئێران که‌ ئێستا با زاره‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راستیان داگیرکردووه‌ و رکابه‌ری هۆڵیوود و ىۆڵیوودیش ده‌که‌ن بکه‌ین، ده‌بینین که‌ که‌سانێک ده‌توان سیناریۆ وه‌یان بیری فیلمه‌کانیان ببه‌ن به‌ به‌رهه‌مهێنه‌رێک وه‌ یاخوود ستۆدیۆیه‌کی به‌رهه‌مهێنان و گه‌ر چانست هه‌بێت وه‌ سیناریۆکه‌ بازارێکی هه‌بێت ئه‌و سیناریۆیه‌ ده‌کرێت به‌ فیلم. به‌رهه‌مهێنانی ئه‌م فیلمه‌ و دۆزینه‌وه‌ی ئه‌کته‌ر و بوجه‌ی مادی و که‌ره‌سه‌ی ته‌کنه‌لۆجی و ستافی به‌رهه‌مهێنان و دا‌بینکردنی پێداویستی ڕۆژانه‌و دۆزینه‌وه‌ی شوێنی وێنه‌گرتن و وه‌رگرتنی مۆڵه‌تی یاسای و چه‌ندان شتی تر  له‌ لایه‌ن ستۆدیۆکه‌ وه‌ دابین ده‌کریت. دوای به‌رهه‌مهێنان، ئه‌رکی مۆنتاز و بڵاوکردنه‌وه‌ و ریکلامی هه‌ر ده‌که‌وێته‌ سه‌ر ئه‌ستۆی ئه‌و ستۆدیۆیه‌ وه‌ یان به‌رهه‌مه‌مهێنه‌ره‌. به‌ داخه‌وه‌ ئه‌م سیستمی به‌رهه‌مهێنانه له‌ کوردستان دا نیه‌، نه‌ که‌سانێک هه‌ن ئه‌رکی مادی و به‌رهه‌مهێنانی فیلم بگرنه‌ ئه‌ستۆ و نه‌ سیستمێک هه‌یه‌ بۆ درووستکردن و دابینکردنی کار بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی له‌ بواری سینه‌مادا کار ده‌که‌ن. گه‌ر که‌سێک بیه‌ویت فیلمێک به‌رهه‌م بێنێت پێویسته‌ له‌ سه‌ری نه‌ک ته‌نها ئه و هۆشی فیلمه‌که‌ بێت به‌ڵکو ده‌بێت زۆربه‌ی هێزی خۆی دابین بکات بۆ دۆزینه‌وه‌ بووجه‌یه‌ک، ستافی به‌رهه‌م هێنان و ئه‌وئه‌رکانه‌ی که‌ ده‌که‌ونه‌ سه‌ر شانی ستۆدیۆ و به‌رهه‌مهێنه‌ر زۆربه‌ی ده‌که‌وێته‌وه‌ سه‌ر شانی ده‌رهێنه‌ر، ئه‌م گرفتانه‌ گرفتی گه‌وره‌ن، نه‌بووی که‌ش و هه‌وایه‌ک بۆ ره‌خساندنی ژینگه‌یه‌ک بۆ به‌رهه‌مهێنانی فیلم وا له‌ زۆر له‌ هونه‌رمه‌ندان ده‌کات که‌ خۆیان دوور له‌و ئه‌رکانه‌ ڕابگرن. له‌ رووی ته‌کنه‌لۆجیه‌وه‌ تا ئێستا  له‌ کوردستان دا ستافێکی پرۆفیشناڵ و که‌ره‌سته‌ی به‌رهه‌م هێنانی فیلم نیه‌ تا که‌سانێک پێبگه‌یه‌نن و هوشیار بکه‌ن بۆ درووستکردنی فیلم وه‌ نه‌ هه‌وڵدانێک هه‌یه‌ بۆ درووستکردنی، وه‌ به‌ داخه‌وه‌ ئه‌و ته‌له‌فزیۆن وه‌ یان ده‌زگایانه‌ی هه‌ن که‌ جار جار هه‌ڵده‌ستن به‌ یارمه‌تیدانی که‌سانێک بۆ دوورستکردنی فیلم، سه‌ربه‌ستیه‌کی هونه‌ری ناده‌ن به‌و که‌سانه‌ و به‌ربه‌ستیه‌کی زۆری بۆ داده‌نێن، وه‌ زۆربه‌ی جار ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ وه‌کوو پرۆپاگه‌نده‌یه‌ک بۆ پیشخستنی خۆیان به‌کارده‌هێنن.

نه‌بوونی بازارێک بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ی فیلم: گریمان هونه‌رمه‌ندێک فیلمێک به‌رهه‌م ده‌هێنێت دوای هه‌وڵدانێکی زۆر. با سه‌یری سیستمی بڵاوکردنه‌وه‌ی فیلم له‌  هۆڵیوود بکه‌ین و به‌راووردی بکه‌ین به‌ کوردستان، ڕه‌نگه‌ ئه‌م به‌راووردکرنه‌ له‌ جێگای خۆیدا نه‌بێت و خۆێنه‌ر بڵێت “‌هۆڵیوود له‌ کوێ و کوردستان له‌ کوێ؟” ، به‌ڵام ئه‌م به‌راووردکردنه‌ پێوویسته‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئاشنا بین  به‌ زاڵبوونی سیستمی ‌‌‌‌هۆڵیوود به‌سه‌ر جیهان دا.له‌ دوای به‌رهه‌مهێنانی فیلمه‌که‌،  بووجه‌یه‌کی زۆری مادی دابینده‌کرێت بۆ ریکلامکردن و ئاگاریکردنه‌وه‌ی بینه‌ره‌کان به‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی فیلمێک ، ریکلامی ته‌له‌فزیۆنی، رادیۆ ، ڕۆژنامه‌ی و ئه‌نته‌رنێت وا له‌ بینه‌ر ده‌کات که‌ شاره‌زا بێت به‌ ڕۆژی بڵاوکردنه‌وه‌ ئه‌و فیلمه‌و بابه‌تی فیلمه‌که‌. له‌ هه‌مان کای دیاریکراودا ، له‌ زۆربه‌ی شاره‌کان و سینه‌ماکانی ئه مریکا و جیهاندا ئه‌م فیلمه‌ بڵا‌و ده‌کرێته وه‌‌، گه‌ر فیلمێک ته‌نها بۆ ماوه‌ی یه‌ک هه‌فته‌ش کاربکات ئه‌وا گاره‌نتی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ پاره‌ی به‌رهه‌مهێنانه‌که‌ی به‌ قازانجه‌وه‌ په‌یدا ده‌کات، ته‌نها له‌ ئه‌مریکا دا هه‌فتانانه‌ ملیۆنه‌هان که‌س بۆ سینه‌ماکان ده‌چن، دابوونه‌ریتی بینینی فیلم له‌ یه‌که‌م ڕۆژی بڵاوکردنه‌وه‌یدا دابوونه‌ریتێکی کلتوورییه‌ له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌مریکادا و ره‌گێکی سایکی چێنراوه‌. هه‌رزانترین نرخی بلیتێک بۆ بینینی فیلمێک 8$ . دوایپیشاندانی فیلم له‌ سینه‌ماکاندا بۆ چه‌ندان هه‌فته‌، فیلمه‌که‌ ده‌کشێندریته‌وه‌ ،فیلمه‌که‌ به‌ شێوه‌ی DVD ده‌که‌وێته‌ بازاره‌وه‌ ، ملیۆنه‌ها کۆپی به‌ بازاره‌کاندا بڵاوده‌کرێته‌وه‌ هه‌ریه‌ک به‌ نرخێک له‌ نێوان 10$ بۆ 20$ ، دوای ماوه‌یه‌ک له‌ بڵاو کردنه‌وه‌ی DVD وه‌ هه‌ندێک جار له‌ هه‌مان کاتدا، مافی په‌خشکردنی ئه‌م فیلمه‌ ده‌درێت به‌ ته‌له‌فزیۆنێک وه‌ یان چه‌ندان ته‌له‌فزیۆن له‌ ناوخۆی ئه‌مریکا و جیهاندا بۆ په‌خشکردن به‌ پاره‌یه‌کی زۆر،  با خوێنه‌ر بیر له‌ داهاتی ئه‌م فیلمه‌ بکاته‌وه‌.  وه‌کوو ده‌بینین، ئه‌ و ستۆدیۆیه‌ی وه‌ یان به‌رهه‌مهێنه‌ره‌ی که‌ فیلمێک ده‌خاته‌ بازاره‌وه‌ زۆربه‌ی کات به‌ قازانجه‌وه‌ پاره‌کی ده‌ست ده‌که‌وێت، ئه‌و ستۆدیۆیه‌ وه‌ یان به‌رهه‌مهێنه‌ر به‌ سوپاسه‌وه‌ ئاماده‌یه‌ بۆ به‌رهه‌م هێننانی فیلمێکی تر. ئه‌ی له‌ کوردستان ئه‌مانه‌مان هیچ هه‌یه‌؟ وه‌ڵامه‌که‌، نه‌خێر. ئێمه‌ له‌ کوردستان دا تا ئێستا سینه‌مایه‌کمان نیه‌ که‌ بینه‌ر بتوانێت سه‌یری فیلمێک بکات له‌ بارودۆخێکی گونجاودا وه‌ بازارێک نیه‌ بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ی فیلم، گریمان گه‌ر هه‌موو شارێک و گوندێک چه‌ندانن سینه‌ماشیان تێدا بێت، بینه‌ری کورد ئه‌و خولیایه‌ی نیه‌ هه‌فتانه‌ سه‌ردانی سینه‌ما بکات،به‌ داخه‌وه‌ دابوونه‌ریتێکه‌ که‌ له‌ کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا نیه‌ له‌م کاته‌دا، به‌ نه‌بوونی شوێنێک وه‌ یاخوود بازارێک بۆ فیلم ئه‌وه‌ پێوه‌یست ناکات که‌ ریکلام بۆ فیلمه‌که‌ت بکه‌یت، به‌ بێ ریکلام تۆ ناتوانیت بینه‌ر ئاگادار بکه‌یته‌وه‌ به‌ بوونی فیلمه‌که‌ت. به‌داخه‌وه‌ هه‌مان شت راسته‌ بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ی فیلمه‌که‌ت له‌ سه‌ر شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆن وه‌ یان DVD، تا ئێستا له‌ کوردستان دا یاسایه‌ک نیه‌ بۆ پاراستنتی کارێکی هونه‌ری له‌ کۆپی کردن و بڵاوکردنه‌وه‌ی به‌ شیوه‌ی ساخته‌و  DVD له‌ بازاره‌کان دا. ئه‌م هۆیانه‌و چه‌ندان هۆی تر وها ده‌کات که‌ سیستمێکی به‌رهه‌مهێنان درووست نه‌بێت، گه‌ ر هه‌بێتیش ئه‌وا به‌رهه‌مهێنانی هه‌ر فیلمێک به‌ زه‌ره‌ری مادی ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ ئه‌و ستۆدیۆیه‌ وه‌ یان به‌رهه‌مهێنه‌ره‌ و وای لێده‌کات نه‌توانێت فیلمێکی تر به‌رهه‌م بهێنێت. ته‌نها هیوایه‌ک بۆ هونه‌رمه‌ندانی سینه‌مای له‌م کاته‌نه‌دا ناردنی فیلمه‌کانیانه‌ بۆ فیستیڤاڵه‌ جیهانیه‌کان به‌ هیوای به‌ده‌ستهێنانی خه‌ڵاتێک وه‌ یان بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌و فیلمه له‌ سینه‌مای ئه‌و ووڵاتانه‌ دا له‌ لایه‌ن کۆمپانیایه‌که‌وه‌.

نه‌بوونی هه‌ستێکی رۆشینبیری بۆ سینه‌ما: ناساندنی هه‌ر هونه‌رێک و درووستکردنی هونه‌رمه‌د پێویستی به‌ سیستمێکی ڕۆشینبیری و خوێندن هه‌یه‌، نه‌بوونی سیستمێکی هۆشیاری و خوێندن له‌ سه‌ر سینه‌ما، نه‌بوونی گۆڤار و بڵاکراوه‌ی سینه‌مای و کتیب به‌ زمانی کوردی، وه‌ یاخوود قووتابخانه‌یه‌ک به‌ ستافی پرۆفیشناڵه‌وه‌ بۆ درووست کردن و هۆشکردنه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ند هۆیه‌کی تر که‌ کار له‌ سه‌ر دواکه‌وتنی سینه‌مای کوردی ده‌کات. ڕاسته‌ زۆربه‌ی گه‌وره‌ ده‌رهێنه‌ رانی جیهان قوتابخانه‌یه‌کی خوێندنی سینه‌ماییان   ته‌وا و نه کردووه‌، به‌ڵام زۆربه‌یان له‌ سیستمێکدا گه وره‌بوون که‌ فێربوونی ته‌کنیك و به‌رهه‌مهێنانی فیلم تێیدا هه‌ڵکه‌وتووه‌. گه‌ر سه‌یری گه‌وره‌ ده‌رهێنه‌رانی هۆڵیوود بکه‌ین،Studio System بوونی سیستمی ستۆدیۆی به‌رهه‌مهێنان  درووستکه‌ری سه‌ره‌کی ئه‌م که‌سانه‌ بوون. درووست بوونی شه‌پۆلی نوێی فه‌ره‌نسی  له‌ فه‌ره‌نسا له‌ لایه‌ن گه‌وره‌ ده‌رهێنه‌رانی وه‌.، Jean Luc-Godard ,Francois Truffaute، Jacques Rivette، هۆی سه‌ره‌کی ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ هه‌بوونی سینه‌ماتیكی فه‌ره‌نسی به‌ سه‌رپه‌رشتی  و گۆڤار  که‌ به‌ پیشاندانی فیلم و نووسین و لێکۆڵینه‌ وه‌ له‌ سه‌ر ئه‌و فیلمانه‌ چه‌ندان له‌ هونه‌رمه‌ندی تازه‌یان پێگه‌یاند و شه‌پۆلێکی نوێیان له‌ مێژووی سینه‌ما دا درووستکرد. له‌ کوردسنتاندا نه‌ سیستمیكی پرۆفیشناڵی خوێندن هه‌یه‌ له‌ سه‌ر سینه‌ما (له‌ شارێکی وه‌کوو سلێمانی دا تا ئێستاش به‌ شێکی سینه‌مای وه‌  یان کۆرسێک نیه‌ له‌سه‌ر سینه‌ما له‌ زانکۆکاندا) ، وه‌ نه‌سینه‌ماتێکێک وه‌ یان شوێنێک هه‌یه‌ بۆ پێشاندانی فیلم و لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ سه‌ری و وه‌ تا ئێستا بڵاوکراوه‌یکی په‌روه‌ره‌ده‌ی نیه‌ بۆ پێگه‌یاند و هۆشیارکردنی نه‌وه‌یه‌کی نوێ. به‌ داخه‌وه‌ هه‌و هۆشی سینه‌مایه‌ی که‌ له‌ ئێستا هه‌یه‌ زۆربه‌ی له‌ لایه‌ن که‌سانێکی تاکه‌وه‌ درووستکراوه‌ که‌ کاریگه‌ریه‌کی بازاری بازرگانی فیلمی هۆڵیوودی Blockbuster و زنجیره‌ دۆبلاجکراوه‌کان و ئه‌و ستایه‌ڵه‌یان له‌ سه‌ره‌ که‌ رۆژانه‌ له‌ ته‌له‌فزیۆنه‌ ناوخۆیه‌کان و ئاسمانیه‌کان دا ده‌یان بینین، درووستکردن و کۆپیکردنی ستایڵی که‌سانی تر درووستکردنی سینه‌ما نیه‌. زۆر جار ده‌بیستین که‌ هونه‌رمه‌ندان ناڕه‌زای ده‌رده‌برن له‌ ده‌زگا راگه‌یاندنه‌کان له‌ سه‌ر بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م جۆره‌ فیلمانه‌ و زنجیره‌ دۆبلاجکراوانه‌، من له‌گه‌ڵ ئه‌م ره‌خنه‌گرتنه‌دان، به‌ڵام با‌ ته‌نها ڕه‌خنه‌ نه‌گرین و سه‌یری هۆکانیش بکه‌ین،  بابیرمان نه‌چێت که‌ بینه‌ری کورد وه‌کوو هه‌موو بینه‌رێک ده‌یه‌وێت چێژێکی ده‌روونی و هه‌ستی entertainment وه‌ربگرێت له‌ سه‌یرکردن، به‌ نه‌بوونی فیلم و زنجیه‌ره‌ی  کوردی به‌ کواڵه‌تێکی به‌رز، بینه‌ر بۆ چێژلێوه‌رگرت و تێرکردنی ئه‌و حه‌زه‌ په‌نا ده‌باته‌ سه‌یرکردنی ئه‌و زنجیره‌ دۆبلاجکراوا‌نه‌ و فیلمانه‌، که‌واته‌ وه‌کوو بازنه‌یه‌ک، هۆکان به‌یه‌که‌وه‌ به‌ستراونه‌ته‌وه‌. ‌

سینه‌ما بۆ کوێ: ڕه‌نگه‌ خوینه‌ر دوای خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و ووشانه‌ی سه‌ره‌وه‌ به‌ ره‌شبینیه‌وه‌ سه‌یری داهاتووی سینه‌ما بکات له‌ کوردستان. به‌ڵام من هه‌ست ده‌که‌م که‌ داهاتوو ڕه‌نگینه‌، گه لێک که‌ بتوانێت ده‌رهێنه‌رێکی وه‌ک یه‌ڵماز گۆنای درووستبکات که‌ چه‌ندان شاکاری سینه‌مای درووست کرد له‌ به‌رده‌م چه‌ندان  گرفت و که‌م و کوورتی دا، هه‌مان گه‌ل ده‌توانێت بنچینه‌یه‌کی سینه‌مای درووستبکات که‌ مێژوو و هه‌ست و نه‌ریتی ئه‌و گه‌له‌ به‌ جیهان بناسێنێت.به‌ڵام بۆ هاتنه‌دی ئه‌و خه‌ونه‌ ده‌بێت به‌ بیرێکی نوێ و به‌ پلانێکی تازه‌وه‌ بیر له‌ سینه‌ما و راهێنان و درووستکردنی نه‌وه‌یه‌کی تازه‌ بکرێت، ده‌بێت سینه‌مای کوردی له بنچینه‌وه‌ درووست بکرێکت گه‌ر بمانه‌وێت هه‌ر چانسێکمان هه‌بێت له‌ گه‌ڵ سینه‌مای ووڵاتانی تردا، نه‌وه‌یه‌کی نوێ و بیرێکی نوێ پێویسته‌

Advertisements

About Karzan Kardozi

Just another cinephile writing about Life and nothing more......
This entry was posted in Culture, Kurdish - نووسینی کوردی and tagged , , , , , , , , , , , , , , , , , , , , , , , , , , , , , . Bookmark the permalink.

Leave a Reply

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / Change )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / Change )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / Change )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / Change )

Connecting to %s