Weerasethakul: مامە بوونمی کە ژیانی ڕابردووی بیرھاتەوە – وویراسیزاکوول – ٢٠١٠

 

“چاوەکانم چیان لێھاتووە؟ کراوەن بەڵام ھیچ نابینم”

نووسینی: کارزان کاردۆزی

فیلمی مامە بوونمی کە ژیانی ڕابردووی بیرھاتەوە  تازە فیلمی ئەپیچاتپۆنج  وویراسیزاکوول ، دەرھێنەری تایلەندی تەنھا فیلمێک نیە، بەڵکوو دنیایەکی سینەمایانەیە، ھەندێک بینەر لە دوای بینینی فیلمەکە  بە دڵخۆشیەکی سەرنج ڕاکێش و بە سەرسوڕمانەوە شاشەی سینەما بە جێدەھێڵێت و وە ئەو بینەرانەی کەتەنھا بە سینەمای ھۆڵیدو و داستانی ڕاھاتوون، لە کۆتانی فیلمەکەدا ھەست بە  ھەڵخەڵەتاندن و توڕەبوونێک دەکەن،  چونکە فیلمی  مامە بوونمی وەکوو ھیچ فیلمێکی تر نیە ، سینەمایەکی تازەیە، سینەمایەکە کە   بینەر ھەستە دەکات  کە دنیایەک دەبینێت کە زۆرتر نزیکە لە میتافزیکەوە و بەڵام ڕیالیزمی ژیانی ڕۆژانە  بە شێوەیەکی ڕاستیانە نیشان دەدات

کەم لە خۆشەویستانی سینەما  دەتوانن ناوی دەرھێنەری فیلمی مامە بوونمی بە ڕاستیانە دەربڕن،  بە کوردی دەتوانین ناوەکەی بە  ئەپیچاتپۆنج  وویراسیزاکوول دەڕبرین، ناوێکی ئاسان نیە بۆ خوێنەر کە لە بیریدا بمێنێتەوە، لە بەر ئەم ھۆیەیە کە خۆشەویستانی سینەما ناوێکی ئاسانیان داوەتێ، کە باسی  ئەپیچاتپۆنج  وویراسیزاکوول دەکەن، بە ناوی “جۆوە” بانگی دەکەن. لەبیرم دێت کە یەکەم جار بە ناوی ئەپیچاتپۆنج  وویراسیزاکوول ئاشنا بووم ، یەکەم فیلمی ئەم دەرھێنەرم کە بینینی فیلمی  “ئەو شتە سەیرەی دوانیوەڕۆ بوو” لە ساڵی ٢٠٠ دا، ھە تا ئێستاش، دوای ١٠ ساڵ لە بینی ئەو فیلمە کە زیاتر لە سێ جار بینیومە، ئێستاش بە تەواوی نازام با سی چی دەکات ؟ فیلمەکە پڵاتێکی چیرۆکی نیە، لە جیاتی چیرۆک، فیلمە پێکھاتووە لە وێنەی دۆکومینتەری  ژیانی ڕۆژانە ی چەند کەسانێک لە تایلەند و  وە لەسەر وێنەکان دەنگێک بە شێوەیەکی نامۆو سوریەلیست باسسی وێنەکان دەکات. ڕەگی سینەمای ئەپیچاتپۆنج وویراسیزاکوول لەمەدایە، تێکەڵکردنی ڕاستی و ڕیەلیزمی ژیانی ڕۆژانە لەگەڵ ئەبستراک و سوریەلیست دا، تێکەڵکردنی ئەم دوو ستایەڵە ژینەگەیکی میتافیزیک لە فیلمەکانیدا درووست دەکات

دوای دەرھێنانی زیاتر لە پێنج فیلم،  ناوی ئەپیچاتپۆنج  وویراسیزاکوول لە زۆر لە بینەرانی سینەما ھەر نامۆ بوو، کەم کەس فیلمکانی دەبینی، وە ئەو کەسانەی کە  بە پەرێشەوە چاوەڕوانی فیلمە تازەکانی ئەپیچاتپۆنج  وویراسیزاکوول دەکرد  زیاتر لە رەخنەگرانی سینەمایی بوون. لە بیرم  دێت کە جارێکیان لە قوتابخانەکەم دا باسی ئەپیچاتپۆنج وویراسیزاکوول بۆ یەکێک لە مامۆستاکان کرد، بە تایبەتی لە بارەی فیلمی  “کۆمەڵە نیشانە و چەرخ”  و  کە یەکێکە لە چاکترین فیلمەکانی ساڵی ٢٠٠٦، یەکەم شت کە مامۆستاکەم وووتی ئەمە بوو ” ناوی دەرھێنەرەکە چیە  و چۆنیش دەینووسی؟

ھەواڵێکی زۆر دڵخۆشکەربوو کاتێک کە لە ڤێستڤاڵی کانی ٢٠١٠ دا فیلمی مامە بوونمی کە ژیانی ڕابردووی بیرھاتەوە  بە چاکترین فیلم ھەڵبژێردرا لە ڤیستەڤاڵەکەدا، بۆ یەکەم جار بینەرانی سینەما لە ڕێگەی فیلمی مامە بوونیەوە  بە  سینەمای ئەو ئاشنا بوون.  چیرۆکی فیلمەکە ئەمەیە: مامە بوونمی   زۆر نەخۆشە، چەند مانگێکی لە ژیاندا ماوە،  لە نەخۆشخانە دەردەچێت و بەرە و کێڵگە دارستانیەکەی لە باکوری تایلەندا دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی دوا ساتەکانی ژیانی لەگەڵ  خوشکی  و کەس و کاریدا بەسەر بەرێت. بە ڕۆژ  خەریکی خزمەتکردنی کێلگەکەیەتی و لە دەشت و دەردا  دواساتەکانی ژیانی بەسەر دەبات و بە شەویش باس لە ژیانی ڕابردووی دەکات.  بەڵام شەوێکیان کە لەگەڵ  کەسانی خێزانەکەیدا خەریکی نان خواردنە، لە پڕێکدا ژنەکەی کە  چواردە ساڵە مردووە لە سەر یەکێک لە کورسیەکان دەردەکەوێت، لە ھەمان کاتدا بە سەر قادرمەکاندا  و وەکوو لە ژێر زەووییەوە  بێتە دەرێ ، گیانەوەرێک کە تێکەڵی مرۆڤ و گورێلایە  و بە چاوی سورەوە کە لە تیشکی لێزەر دەچێت، بە شێوەیەکی خێو لە گیانی مەیموندا  دێتە لایان. ئەوە کوڕەکەی  مامە بوونمیە کە  پێنج ساڵە دیار نەماوە لە دارستانەکاندا و بە مردوو دانراوە.  لێرەوە ئەوان دەست دەکەن بە گفتووکۆ لە بارەی مردن، ژیان، ئەو دنیا، چیرۆکی خێو و گیانەوەران کە دارستانەکاندا دەژین و ھەریەکەیان لە ڕابووردوودا بە شێوەی مرۆڤ ژیا وون . مامە بوونمی دەیەوێت بزانێت مردن چۆنە و ژیانی ئەو دنیا بە چی شێوەیەک دەبێت.  لێرەوە گەشتی فیلمی  مامە بوونمی کە ژیانی ڕابردووی بیرھاتەوە دەست پێدەکات

بەڵام ناوەڕۆکی فیلمی مامە بوونمی  زۆر ئاسان نیە بۆ شیکردنەوە، فیلمێکە بە بێ پڵات و بە بێ چیرۆکێک کە  لە سەرەتای فیلمەکەوە  بۆ کۆتایی بە یەکەوە ببەستێتەوە. دنیای  سینەمایی   ئەپیچاتپۆنج  وویراسیزاکوول  دنیایەکە کە زۆر جیاوازە لەوەی بینەر پێی ڕاھاتووە، ناوەڕۆکی فیلمی مامە بوونمی لە  بیری کۆنی بوزادایە ،  کە ھەموو شتێک، ھەموو گیانەوەرێت لە دوای مردن جارێکی تر لە دایک دەبێتەوە لە لاشەی گیانەوەرێکی تردا، بەڵام ھەمان ھەست و ڕوحی ھەیە، تەنھا بیرەوەری نەماوە. لەبەر ئەمەیە کە مامە بوونمی ھەست دەکات بە مردنی ئەو بیرەوەریەی کە ھەیەتی لە ناو دەچێت و  وە کوو کوڕەکەی لە ناو  لاشەی گیانەوەرێکی تردا درووست دەبێتەوە .  بوونمی ھەست دەکات کە  بەھەمان شێوە، لە ژیانی پێشوویدا ئەو مرۆڤ نەبووە بەڵکو  گیانەوەرێکی تر بووە،  لە بەشێکی فیلمەکدا ئەو ھەست دەکات کە ڕەنگە ماسیەک بووبێت لە ناو ڕووبارێکدا سەدان ساڵ لەوەو پێش ژیابێت. ھەر بینەرێک لەدوای بینینی ئەم فیلمە مانایەک لە لای خۆی درووست دەکات،  شتەکان زۆرتر شاراونەتەوە وەکوو لەوەی کە پیشان درابن

لە ڕووی ستایەڵەوە، فیلمی مامە بوونمی کە ژیانی ڕابردووی بیرھاتەوە  زۆر جیاوازی نیە  لە فیلمەکانی تری  ئەپیچاتپۆنج وویراسیزاکوول ، وەکوو  ھەموو گەورە دەرھێنەرانی سینەمایی، ستایەڵێک و فۆرمێکی خۆی ھەیە.  تەنھا گوێ لە دەنگ بگرە لە فیلمەکانیدا، ھەموو دەنگێک بە شێوەیکی زیرەکیان درووست کراوەتەوە لە فیلمەکەدا، دەنگ وا لە بینەر دەکات کە ھەست بکەیت  کە لەناو فیلمەکەدایت، ھەموو  شتێک بە دەنگەوە دێتە ژیان. لە ڕووی سینەماتۆگرافیەوە، وەکوو کیاڕۆستەمی ،  ئەپیچاتپۆنج  وویراسیزاکوول یەکێکە لەو دەرھێنەرانەی کە کامێرا لە جیاتی مۆنتاژ بە کاردەھێنێت، وێنەی وەستا و دوور و درێژ، لە جیاتی ئەوەی مۆنتاژ وێنەکان کۆبکاتەوە و بەیەکیانەوە بنێت بۆ دەربرینی ھەستی کارەکتەر، بە  پێچەوانەوە، کامێرە ئەو ھەستە درووست دەکات، کارەکتەرەکان دەجووڵێن لە ناو شاشەدا، بە جووڵاندنیان بۆ نزیک یان دوور لە کامێرا وێنەی دوور و نزیک درووست دەکەن لە جیاتی ئەوەی کەت و مۆنتاژ درووستی بکات، ئەمە ڕیالیزمێک دەدات فیلمەکە، کات و شوێن بە ڕاستی خراونەتە سەر شاشە. بە ھەمان شێوە، کارەکتەرەکان دەوور نابینن لە فیلمی  ئەپیچاتپۆنج  وویراسیزاکوول دا، زۆر کەم دەدوێن، وە کاتێک کە دەدوێن زیاتر گفتووگۆکانیان وەکوو پەند وایە و قسەکردنیان   زۆر دوورە لە پڵاتو چیرۆکی فیلمەکەوە، کارەکتەرەکان زۆر بێدەنگن، زۆر جار سەیر دەکەن، بە بێدەنگی ھەستیان دەردەبڕن، وەکوو بینەر خۆمان دەبێت مانای  ئەو بێدەنگیەو  سەیرکردنە لێکبدەینەوە، دنیایەکە کە نزیکە لە میتافیزیک و سوریەلیزمەوە و زۆر دوورە لە شانۆ و دنیای ئەکتەری و دەور نواندن کە بینەر لە زۆر لە فیلمدا دەیبینێ.

لە دنیایی سینەمای ئەمڕۆدا، زۆر فیلم دەبینین کە سی.جی.ئای و ئیفێکتی کۆمپیتەری بەکار دەھێنت، بەڵام  ئەپیچاتپۆنج  وویراسیزاکوول   تەنانەت لە یەک فرەیمدا سی.جی. ئای بەکار نەھێناوە، بەڵکوو وەکوو فیلمە کلاسیکیەکان، ئەو ستایەڵێکی کۆن بەکار دەھێنێت بۆ درووستکردنی ئەو ئێفێکتانە، وەکوو بەکارھێنانی ئاوێنە بۆ پیشاندانی کارەکتەر بە شێوەی دوانی وە یان بە کارھێنانی دەبڵ ئێکسپۆشەر بۆ پیشاندانی کارەکتەرێک لە سەرشاشە بۆ چەند ساتێک و نەمانی، ئە م ستایەڵانەی کە  ئەپیچاتپۆنج  وویراسیزاکوول بە کاری دەھێنێت دەگەڕێتەوە بۆ یەکەم ڕۆژانی سینەما، ئەو ڕۆژانەی کە سینەما وە کوو جادووگەرەێک بینەری سەرسام دەکرد

گەر چەند ووشەیەک پێناسەی فیلمی مامە بوونمی کە ژیانی ڕابردووی بیرھاتەوە  بکات ئەوا ھەمان ووشانە دەبێت کە مامە بوونمی لە نزیک کۆتایی فیلمەکدا  دەیڵێت “چاوەکانم چیان لێھاتووە؟ کراوەن بەڵام ھیچ نابینم”. وەکوو مامە بوونمی کە نزیک دەبێتەوە لە مردن  ڕۆژ لە دوای ڕۆژ و نازانێت  کە مردن چیە و چی ڕوودەدات لە دوای مردن، بینەر لە دوای بینینی ئەم فیلمە بە ھەمان شێوە و بە سەرسوڕمانەوە شاشە بە جێدەھێڵێن، چاوەکانمان کراوەتەوە بەڵام ھەست دەکەین کە ھیچمان نەبینیەوە، حەزناکەین  ئەم فیلمە کۆتای بێت

Advertisements

About Karzan Kardozi

Just another cinephile writing about Life and nothing more......
This entry was posted in Art and Literature, Film Diary, Film Review, Kurdish - نووسینی کوردی and tagged , , , , , , , , , , , , , , , , , , , , , , , , , , , , , , , , , , , , , , , , . Bookmark the permalink.

2 Responses to Weerasethakul: مامە بوونمی کە ژیانی ڕابردووی بیرھاتەوە – وویراسیزاکوول – ٢٠١٠

  1. HAllkawt says:

    very well written, dast xosh kak karzan 🙂 now i must find the movie and enjoy it

Leave a Reply

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / Change )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / Change )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / Change )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / Change )

Connecting to %s